دەربارەی ئێمە

نوسینی admin

بۆچی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان!

دەربارەی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان
ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان ڕێکخراوێکە خەبات دەکات بۆ بەرگری لە مافەکانی ژن لە کوردستان. ڕێکخراوەکە جەماوەریە و هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی یەکسانییەکی هەمەلایەن لە نێوان ژن و پیاودا لە ڕێگەی بنبڕکردن و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکاریەك کە لەسەر بنەمای جیاوازی نیوان ژن و پیاو کار بکات.

سیاقی دروستبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان
لە کوردستاندا ژنان لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا دەژین. ژنان ڕوبەڕوی جیاکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی بونەتەوە. لە ناو خێزان و ناو کۆمەڵگادا بە وێنەی هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ماف و ئازادیە مەدەنیەکانی ژنان بەردەوام پێشل دەکرێت. جۆرەها ستەم، لە نێویاندا کوشتن و سەندنەوەی مافی ژیان بەشێک لە ژیانی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنن. کوشتنی ژنان بە بەهانەی ناموس و شەرەف؛ ناچارکردنی ژنان بە خۆسووتاندن، گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و دیاردەیەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. فرەژنی و سەندنەوەی مافی ژن لە بڕیاردان لە نێو خێزاندا لە زیادبووندایە؛ بواری کارکردن لە ژنان بوارێکی بەرتەسکە؛ لە بەدەستهێنانی کار و کرێدا روبەڕوی جیاکاری دەبنەوە و وێنەی باڵا بۆ کارکردنی ژن بریتتیە لە کارکردنی ناوماڵدا، ئەمەش بەبێ ئەوەی پاداشتی دارایی بکرێنەوە؛ لە ناوەندەکانی کاردا گێچەڵی سێکسیان پێدەکرێت.
لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجە ناهەموارەی ژناندا، خەبات و تێکۆشانی یەکسانیخواز پێگە و پێشینەی هەیە لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا. لە وەستانەوە دژی کۆنەپەرستی و پیاوسالاری و دابونەریتی دواکەوتوانە و یاسای دژە ژن و بیرکردنەوەی ئاینی و مەزهەبی و خێڵەکی، کە زۆربەیان دژی مافی ژن سەنگەریان گرتووە، ڕێکخراوەکانی بواری ژنان بەردەوام لە خەباتدا بوون. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەم خەباتە دەچێتە ئاستێکی دیکەوە. گۆڕانی بارودۆخی سیاسی دەرگای بەڕووی ژناندا کردەوە بۆ بەشداری لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەریدا. بە دیاریکراوی بەشداری بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی شورایدا کە بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئەم کۆمەڵگەیەدا و لە ئاستێکی جەماوەریدا ئاڵای خەبات بۆ ئازادی ژنانی هەڵکرد و دروشمی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوانی بەرزکردەوە. لە درێژەی ئەو ڕەوەندەدا تا هاتوە پێگەی ژنان لە ژیانی سیاسی و خەباتی جەماوەری و ڕیکخراویدا بەرجەستەتر بووە وڕیزێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوان و چالاکوانی ژنانی یەکسانیخواز هاتنەمەیدانەوە و چەندین ڕێکخراو و گروپ دژی ستەمکێشی ژنان سەریانهەڵدا. ئەمەش جەمسەربەندیەکی دروستکردوە و لە ماوەی سێ دەیەی دوایدا بەرەی یەکسانیخواز و ئازادی خواز لەلایەک و بەرەی کۆنەپەرستی و پیاوسالارییش لەلایەکی ترەوە ڕووبەڕووی یەکتری بونەتەوە. ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە درێژەی ئەم ڕەوەندی کێشمەکێشەدا دێتە مەیدانەوە و خۆی بە پێشڕەوی بەرەی یەکسانیخوازی دەزانێ.

ئەندامبوون لە رێکخراو
هەر ژنێک لە ئامانجە گشتیەکانی ڕێکخراودا خۆ بە هاوبەش بزانێ و ئامادە بێت بەپێی توانا کار بۆ ڕێکخراو بکات ئەتوانێ ئەندامی ڕێکخراو بێت و خۆی بۆ هەموو پۆستێکی ڕێکخراو کاندید بکات. هەر پیاوێك پرسەکانی ژنانی لا گرنگە دەتوانێت وەك هاوکار یان خۆبەخش بەشدار بیت لە کاری رێکخراودا.