تەوەرەکانی کارکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان

1. ڕووبەڕووبوونەوەی کوشتنی ژنان
بەپی ئاماری ڕێکخراوەکان، ساڵانە زیاد لە ٥٠ ژن لە کوردستان بە پاساوی ناموسپەرتی دەکوژرێن و تاوانەکان پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە و وەك ڕووداو تۆماردەکرین نەك کوشتنی بە ئەنقەست. ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بە توندی دژی ئەم دیاردە دڕندانەیە دەوەستێتەوە و خەبات دەکات بۆ بنبڕکردنی. کارو چالاکی ئەنجام دەدات.

2. ڕووبەڕووبوونەوەی بەشودانی منداڵانی کچ
بە پی ئاماری ڕێکخراوی پاراستنی جیهانی منداڵان، یونسێف، لە جیهاندا لە ٥ منداڵدا یەکێک بە شوو دەدرێت. وڵاتی عێراق و کوردستانیش یەکیکە لەو وڵاتانەی کچانی منداڵ زوو بە شودەدرێن. کاریگەریە نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە ئااشکرایە، هەر دوورخستنەوە لە ژیانی ئاسای و دووگیان بوون لە تەمەنێکی کەم و تا ئاستی گیانلەدەستان بە هۆی توندوتیژی سێکسی. دوای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراودا، لە ئەمڕۆدا هاوسەرگیری بەپی مەزهەبەکان ئەنجام دەدرێت و منداڵان بە یاسایی بە شوو دەدرێن. رێکخراوی سەربەخۆی ژنان ئەم بڕیارە بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان دەزانێت کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە.

3. یەکسانی لە مووچەی ژنان
مووچەی ژنان و كچان لە کوردستان کەمترە لە موچە و کرێی پیاوان. لە هەندێ حاڵەتدا ژنان و کچان لە ژێر فشاردا کاری تاقەتپڕوکێنیان پیدەکریت بە بێ مووچە یان پارەیەکی ڕەمزی. رێكخراوی سەربەخۆی ژنان وەك رێکخراویکی خەباتگیر کاردەکات بۆ دروستکردنی فشار لە پێناو یەکسانی کرێی ژن و پیاو لەبەرامبەر کاری یەکساندا.

4. دابینکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی
لەگەڵ بەهیز بوونی کەرتی تایبەت لە کوردستان ژنان جیاگای کارکردنیان ناپاریزراوە لە هەراسانی و دەستدریژی سێکسی. ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان کاردەکات بۆ و پاراستنی ژنان لە هەراسان و دەستدڕیژی لە ڕێگای دابینکردنی پارێزەر و ژمارەی تەلەفۆنی هێڵی گەرم بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری یاسایی.

5. بەدەستهێنانی مۆڵەتی دایکایەتی
ڕێکخراو کاردەکات بۆ جێخستنی مۆڵەتی دایکایەتی لە کەرتی تایبەت. لە کەرتی تایبەتدا بە دەگمەن ژنان مافی دایکیەتیان هەیە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دوای ٦ هەفتە لەدایکبوونی منداڵ ژنان دەستدەکەنەوە بە کار. ڕێکخراوەکە هەوڵ دەدات و فشار دەخاتە سەر حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرخستنی یاسایەک کە مافی دایکایەتی لە کەرتی تایبەتدا بۆ ژنان دەستەبەر بکات.

6. ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان
توندو تیژی دژی ژنان بۆتە دیاردەیەک لە کوردستاندا کە بەردەوام لە هەڵکشاندایە. بە پاساوی بوونی مەترسی لەسەر ڕێکخراو و کارمەندەکان، بەپێی یاسا تەنها حکومەت مافی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێکراوی هەیە و هیچ ڕێکخراویك و گروپێک بۆی نیە پەنا بۆ ژنانی لە ژێر هەڕەشە دابینبکات. بۆیە رێكخراوەکەمان کاردەکات بۆ بەهیزکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراو و دەزگاکان بۆ پاراستنی ژنان و کچان لە کاتی بوونی دۆسیەی توندتیژی و وەستانەوە دژی ئەم دیاردەیە.

7. دروستکردنی تۆڕێکی جیهانی بۆ بەرگریکردن لە مافی ژن لە عێراق و کوردستان
ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان کار دەکات بۆ هەڵخراندنی بزوتنەوە و لایەنە پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازەکان و راگی گشتی جیهان، بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ژنانی عیراق و کوردستان و فشار کردن لە دامودەزگا پەیوەندارەکان بۆ لەکارخستنی رۆڵی یاسا و نەریتەکانی دژ بە ژنان. هەروەها ڕێکخراوەکە ئامادەیە ببێتە ئەندام لە هەر هاوپەیمانی و گروپێکدا کە خزمەت بە پرسەکانی ژنان بکات لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان.
8. ڕەخساندنی هەلی کاری یەکسان لە شوێنی بڕیارداندا
رێکخراو کاردەکات بۆ رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ ژنان لە بەشداریکردن لە شوینی بڕیاردان. هەبوونی ژنان لە پێگەی دەسەڵات و بڕیارداندا کارێکی گرنگە بە مەبەستی هەبوونی ئەزموونی ژنان لە ناو هەموو سەکتەرو دامودەزگاکاندا.
9. بەدەسهێنانی فەند بۆ کار و چالاکیەکان
ڕێکخراوەکە کار دەکات بۆ بەدەسهێنانی فەند بۆ درێژەدان بو کار و پڕۆژە و چالاکیەکان بۆ خزمەتکردنی بواری ژن لە کوردستان. ڕێکخراوەکە فەند لەو لایەنانە وەرناگرێت کە دەستێوەردان لە سەربەخۆیی و ئازادی ڕێکخراوەکە دەکات.

 

کۆمێنتێک بنوسە