دەربارەی ڕێکخراوەکە
ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان ڕێکخراوێکە خەبات دەکات بۆ بەرگری لە مافەکانی ژن لە کوردستان. ڕێکخراوەکە جەماوەریە و هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی یەکسانییەکی هەمەلایەن لە نێوان ژن و پیاودا لە ڕێگەی بنبڕکردن و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکاریەك کە لەسەر بنەمای جیاوازی نیوان ژن و پیاو کار بکات.
سیاقی دروستبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان
لە کوردستاندا ژنان لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا دەژین. ژنان ڕوبەڕوی جیاکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی بونەتەوە. لە ناو خێزان و ناو کۆمەڵگادا بە وێنەی هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ماف و ئازادیە مەدەنیەکانی ژنان بەردەوام پێشل دەکرێت. جۆرەها ستەم، لە نێویاندا کوشتن و سەندنەوەی مافی ژیان بەشێک لە ژیانی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنن. کوشتنی ژنان بە بەهانەی ناموس و شەرەف؛ ناچارکردنی ژنان بە خۆسووتاندن، گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و دیاردەیەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. فرەژنی و سەندنەوەی مافی ژن لە بڕیاردان لە نێو خێزاندا لە زیادبووندایە؛ بواری کارکردن لە ژنان بوارێکی بەرتەسکە؛ لە بەدەستهێنانی کار و کرێدا روبەڕوی جیاکاری دەبنەوە و وێنەی باڵا بۆ کارکردنی ژن بریتتیە لە کارکردنی ناوماڵدا، ئەمەش بەبێ ئەوەی پاداشتی دارایی بکرێنەوە؛ لە ناوەندەکانی کاردا گێچەڵی سێکسیان پێدەکرێت.
لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجە ناهەموارەی ژناندا، خەبات و تێکۆشانی یەکسانیخواز پێگە و پێشینەی هەیە لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا. لە وەستانەوە دژی کۆنەپەرستی و پیاوسالاری و دابونەریتی دواکەوتوانە و یاسای دژە ژن و بیرکردنەوەی ئاینی و مەزهەبی و خێڵەکی، کە زۆربەیان دژی مافی ژن سەنگەریان گرتووە، ڕێکخراوەکانی بواری ژنان بەردەوام لە خەباتدا بوون. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەم خەباتە دەچێتە ئاستێکی دیکەوە. گۆڕانی بارودۆخی سیاسی دەرگای بەڕووی ژناندا کردەوە بۆ بەشداری لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەریدا. بە دیاریکراوی بەشداری بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی شورایدا کە بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئەم کۆمەڵگەیەدا و لە ئاستێکی جەماوەریدا ئاڵای خەبات بۆ ئازادی ژنانی هەڵکرد و دروشمی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوانی بەرزکردەوە. لە درێژەی ئەو ڕەوەندەدا تا هاتوە پێگەی ژنان لە ژیانی سیاسی و خەباتی جەماوەری و ڕیکخراویدا بەرجەستەتر بووە وڕیزێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوان و چالاکوانی ژنانی یەکسانیخواز هاتنەمەیدانەوە و چەندین ڕێکخراو و گروپ دژی ستەمکێشی ژنان سەریانهەڵدا. ئەمەش جەمسەربەندیەکی دروستکردوە و لە ماوەی سێ دەیەی دوایدا بەرەی یەکسانیخواز و ئازادی خواز لەلایەک و بەرەی کۆنەپەرستی و پیاوسالارییش لەلایەکی ترەوە ڕووبەڕووی یەکتری بونەتەوە. ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە درێژەی ئەم ڕەوەندی کێشمەکێشەدا دێتە مەیدانەوە و خۆی بە پێشڕەوی بەرەی یەکسانیخوازی دەزانێ.
پلانی ساڵی داهاتوو لەسەر ئاستی ناوخۆ
1. ڕێکخستنی کۆبونەوەی تایبەتی ناوخۆیی بۆ گفتوگۆکردن و گۆڕینەوەی ڕاوبووچوونی ئەندامان و دامەزرێنەرانی ڕێکخراو. ئەم کۆبونەوەیە بۆ دانانی ستراتیژی ئایندەی ڕێکخراوێكی ژنان بەڕیوەدەچیت کە بتوانیت روئیای و ئەرکەکانی ڕێکخراو بە ڕوونی جێبخات. لەم کۆبونەوە دوو ڕۆژیەدا پێوستە کەسانێكی دیکە کە کار بۆ یەکسانی ژن و پیاو دەکەن بەشدار بکرێن بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشت بۆ بەرەو پێشەوە بردنی کارەکانی رێکخراوەکە چ ناو خۆی کوردستان بیت یاخود دەرەوە.
2. دانان و سازدانی وۆرك شۆپ لە لایەن هەڵسواروانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی بۆ ڕاهێنان و گەیاندنی ئەزموونی کار.
3. داڕشتنی بەرنامەیەک کە پێناسە و ڕێکارو ڕێسای ڕێکخراوەکە لە خۆ بگریت. کۆمەلێك رێکار و رێنمای نوسراو بیت بۆ ڕێکخستنی کاروباری ڕێکخراوەکە و بەرچاوڕونی هەموو ئەندامانی. لەو بەرنامەیەدا رێشەی ستەمکێشی ژنان و نایەکسانی نیوان ژن و پیاو، لەسەر هەموو ئاستەکان لە شوینی کار و لە ناو خێزان و لە ئاستی گشتی کۆمەڵگەدا ڕون بکاتەوە.
4. دانانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ نوسینەوەی پەیرەوی ناوخۆی رێکخراوەکە بۆ ئەوەی بە یاسای مۆڵەتی کارکردنی رێکخراو وەربگریت. بوونی مۆڵەتی یاسایی کار ئاسانی دەکات بۆ رۆیشتن بۆ ئەو جیگایانەی پێویستن بۆ نموونە؛ شوینی کار، نەخۆشخانەکان، فەرمانگە، زانکۆ،دادگاکان ،پزیشکی دادوەری، قوتابخانە ،شوینە گشتیەکان و هتد
پلانی ساڵی داهاتوو لەسەر ئاستی کار و چالاکیەکان
1. دانانی زنخیرەیەك چالاکی بۆ ناساندنی ڕێکخراوەکە وەکو(پرێس کۆنفرانس، سازدانی سیمینارات ، پانیل) لەسەر ئەو پرسە گرنگانەی کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتە بۆ نموونە ( دەربارەی ستەم لەسەر ژنان، هۆکارەکانی ستەم لەسەر ژنان، یاسا و داب و نەرێتی دواکەوتوانە و پیاوسالاری، سیستمی سەرمایەداری، بەکاڵاکردنی ژنان لە ناو سیستمی سەرمایەداریدا) هتد
2. کارکردن بۆ دەرکردنی بڵاوکراوەیەکی مانگانە یان گۆڤاریكی وەرزی کە بتوانیت بابەتی تایبەت بە پرسەکانی ژنان تیادا بڵاوببیتەوە، چاوپیکەوتن، نووسین، هتد .
3. دامەزراندنی پەیوەندی ڕێکخراو لەگەڵ هەر ڕێکخراو و حزب و لایەن و دامەزراوەیەک کە بەرگری لە مافەکانی ژنان و خواستی یەکسانی مافی ژن و پیاو بکات چ لە ناوخۆ یاخود لە دەرەوی کوردستان، بۆ بە ئاگایی و ئەزموون و پاڵپشتی.
4. هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە شیاوەکانی تر کە ڕوانگەکانیان نزیك بیت لە دید و بۆچونی رێکخراوەوە، هەوڵدان بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی ناوخۆی و جیهانی بۆ لیژنەی ژنان.
5. بەدواداچون وڵێکۆڵینەوە لە هەر ڕاپۆرتێك کە لەلایەن هەرێـم و عێراقەوە دەدریتە لیژنەی ژنان لە جنیڤ، کە ٤ ساڵ جارێك عێراق پابەندە بە ناردنی ڕاپۆرت لەسەر ڕەوشی ژنان، کارکردن بۆ ناردنی راپۆرتی سێبەر کە تێیدا جەخت لە پێشیلکاریەکان بە مافی ژنان بکات.
6. هەوڵدان بۆ دانانی ئۆفیسی گونجاو و لە جێگایەکی گونجاو لە هەر شارێک کە پێویست و مەیسەر بێت.
7. پەیوەندی کردن بەو کەسانەی کە ڕێکخراو پیوایە دەکریت سەرچاوەی مرۆیی باش بن بۆ کاری ئایندەی رێکخراو و هەبوونی بزنسی تایبەت بۆ بەردەوامی کاری رێکخراو.
8. دانانی پلان بۆ سەردانی شوینەکانی گەرەکەکان، کۆمپانیا و فەرمانگەکان، هتد.
9. هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی جەماوەر لەسەر پرسی رۆژ و پرسە گشتیەکان.
10. هەەوڵدان بۆ دانانی ستۆدیۆ بۆ بەرنامەی رادیۆی و کە بتوانیت پەخش بکریت بە وینەو بە دەنگ.
11. دانانی موقعی ئەلەکترۆنی لە سۆشێال میدیا
12. دروستکردنی ڤیدیۆی تایبەت لەسەر پرسە جیاوازەکان بە پلانەوە.
13. ڕاپۆرتی ڕێکخراو بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئنگلیزی
14. دەستنێشانکردنی نوێنەرانی رێکخراو لە وڵاتانی دەروەی کوردستان و عێراق.
ئەندامبوون لە رێکخراو
هەر ژنێک لە ئامانجە گشتیەکانی ڕێکخراودا خۆ بە هاوبەش بزانێ و ئامادە بێت بەپێی توانا کار بۆ ڕێکخراو بکات ئەتوانێ ئەندامی ڕێکخراو بێت و خۆی بۆ هەموو پۆستێکی ڕێکخراو کاندید بکات. هەر پیاوێك پرسەانی ژنانی لا گرنگە دەتوانیت وەك هاوکار یان خۆبەخش بەشدار بیت لە کاری رێکخراودا.
بودجەی ڕێکخراو
بۆ پەیداکردنی بوجە بۆ کارو چالاکیەکانی رێکخراو، پشت بە ئابونەی ئەندامان و کۆمەکی لایەنگران و دامەزراوەکانی گرنگیدەر بە مافی ژنان دەبەسترێت. هەروەها هەر یارمەتیەک کە سەربەخۆیی ڕێکخراو نەباتە ژێر پرسیارەوە پەسەند دەکرێت.
چەند هەنگاوێکی خێرا
1. دواین سیاغەی نوسراوەکە بدرێت بەو هاوڕێیانەی لەسەر دامەزراندنی رێکخراوەکە هاوران پاشان دەستبکەن بەلیست گرتنی ئەو ژنانەی کە هەڵسوراون لەمەیدانی ژنانداو هاوپێچ لەگەڵ نوسراوەکەدا بۆیان بەڕی بکرێ دەعوەت بکرێن بۆ کۆبونەوەیەکەی گشتی.
2. لەو کۆبوونەوەیەدا هەرکەسێک سەرنجی یان پێشنیاری هەبوو، باس بکرێت. هەرلەوێشدا لەسەرناوی ڕێکخراوەکە ساغببنەوە.
3. هەرلەوکۆبونەوەیەدا، کاتێک دیاری بکرێ بۆ بەستنی یەکەمین کۆنفرانسی دامازراندنی ڕێکخراوەکە. هەروەها لێژنەیەکی چەندکەسی دیاری بکرێ وەک”لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی یەکەم”.
4. ئەم لیژنەیە ئامادەکردنی مەلزوماتی کۆنفرانسەکەیە. لەوانە، پەێرەو پڕۆگرام، راگەیاندنی ڕێکخراوەکە، پیداویستیە لۆجستیەکانی کۆنفرانس گفتوگۆکردن لەسەر شێوازی کۆنفرانسەکە.
5. دروستکردنی لیژنەی میدیای کە لەسەرەتاوە گرنگی بە کارەکانی رێکخراو بدات و ڕۆماڵ و ئەرشێڤی بکات.