بەیانی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە، ڕۆژی خەبات و ناڕەزایەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانی خوازە، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە، لە تەواوی ژنان و پیاوانی یەکسانی خوازی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین. بەداخەوە لەگەڵ نزیک بونەوەی هەشتی مارسی ئەمساڵ، خەمێکی گەورە بەرۆکی گرتین و یادەکەی پڕ ئازار کردین، بە لەدەستدانی لە ناکاوی چالاکوانی بوێرو دیاری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی عیراق، ناسراو بە ( یەنار محمد ) کە بەدەستی ڕەشی تیرۆرستان، لە ناوجەرگەی شاری بەغدادا بەڕۆژی ڕوناک تیرۆرکرا، لەبەر ئەوەی کارەکانی ئەو ڕێگر بو لەبەردەم چەسپاندن و بەرەوپێش چونی، بەرنامە ڕەش و شومەکانیان وەک، بەشودانی کچانی نۆ ساڵ و فرە ژنی و لەوانەش گرنگتر پاراستنی ژیانی ژنانێک بو کە لە لایەن خێزانەکانیانەوە بڕیاری کوشتنیان بۆ دەدرا، وە خانەی سەرپەرشتی دابین کردبو بۆ ژیانیان، لەسەرو ئەمانەشەوە پەیامی ئەو، ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکانی هەڵگرتبوو.
هەروەها هەشتی مارسی ئەمساڵ، ٢٠٢٦ لە دورگەی (ئەپستین)ەوە زیاتر بارودۆخی نالەباری ژنان و کچانی بۆ جیهان خستە ڕوو، پەردەی چەندهەمین جار لە تاوانەکانی نیزامی سەرمایەداری هەڵماڵی، کۆت و بەندکردنی کچان و دەستدریژی جنسی زۆرەملێ و کڕین و فرۆشتن بە کچانی خوار هەژدەساڵ، بۆ فڕێدانە بەردەمی سەرمایەدارە دەرون برسیەکان. ئەم تاوانە زەبەلاحە، لەلایەن سەرمایەدارە کانەوە کە هەریەکێک لە بەشداربوانی دورگەی ئەپستین، یان سەرۆک کۆمارەکانی وڵاتیک بوون یان دەوڵەمەندو پارەدارێکی بێشومار بوون، بێگومان وەک هەمیشە، ئەوە سەرمایەدارە زەبەلاحەکانن دەتوانن دنیایەک بۆخۆیان بخوڵقێنن، بۆ تێرکردنی هەمو ئارەزوە نامرۆڤانەکانیان جا کڕینی کچانی خوار هەژدە ساڵ بێت یان داگیرکردنی کردنی پانتاییەکی فراوان بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارەزوەکانیان، بگرە ئەتوانن ڕێگربن لە دنیای خۆشگوزەرانی و دەست ڕاگەیشتن بە تەواوی ئاوات و ئارەزووەکانی تری ئینسانەکاندا.
لەم نێوەدا ژنانی کوردستانیش بێبەش نەبوون لەو ڕێگریانەو جیاکاری ژنان و پیاوانی کرێکار، بەرتەسککردنەوەی هەلی کار بۆژنان و ناردنەوەیان بۆ کونجی ماڵەوە،خۆ ئەگەر دەستیان ڕاگەیشت بەکارێک بۆ بژیوی منداڵەکانیان ئەوا لەبەرامبەردا گیچەڵی سێکسی و هەراسانکردنیان پیشەی هەموو ڕۆژەیە.
بێجگە لە کوشتنی بەلیشاوی ژنان بەبەهانەی شەرەف.
بە پێ ی ئامارێک لە یەک ساڵی ڕابردودا ٥٣ ژن کوژراون، ئەمە بێجگە لەوەی کە گومانی تیدا نیە چەندینی تریش ژێر بە ژێر کوژراون و لە ڕێگای دەزگا سەرکوتگەریەکەی بۆرژوازی کورد شاردراونەتەوەو دور خراونەتەوە لە دەنگی سۆشیال میدیا.
لە وڵاتیکی وەکو عێراق و کوردستانیش بەپێ ی یاسای جەعفەری شەرعیەت دان بە بە شودانی کچانی نۆساڵ،ئەم شەرعیەتی بەشودانە دەستدریژی جنسیەو دەبیت قەدەغە بکریت، شەرعیەت دان بە فرەژنی و ڕەسمیەت دانی لە پەرلەماندا.
لەمانەش کاریگەر تر،خۆکوژی و خۆ هەڵواسین و خۆ سوتاندن ڕیژەکەی بەرەو سەر چووە و ئەمەش یەکێکە لە دەسکەوتەکانی ئەو ڕەسم و یاسایانەی کە لە ژیر شەریعەتی ئیسلامدا کاری پیدەکرێ
ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان وەکو ڕیکخراوێکی جەماوەری، خەبات و تیکۆشان دەکات بۆ لەبەینبردن و کۆتایی هێنان بە کوشتارگەی ژنان لە کوردستاندا.
هەوڵ و تیکۆشان بۆ لەبەینبردنی جیاکاری ژنانی کرێکارو یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان.گومان لەوەدا نیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و بنەبڕ کردنی کوشتن بەبەهانەی شەرەف و ناموس، وەستانەوە بەرامبەر بە سوکایەتی ژنان و دژی هەموو کۆنەخوازی و داسەپاندنی یاسا ئیسلامیەکان و هەوڵدان بۆ ڕێگانەدانیان لە مینبەرەکانەوە و ئازادی بیروڕای ئینسانەکان و دەستڕاگەیشتنی ژنان بە خوێندنی باڵاو مەحروم نەکردنیان لە ئیدارەی کۆمەڵگادا.
کۆتایی هێنان بە نایەکسانی و گەڕانەوەی شەخسیەتی ئینسانی بۆ ژنان، تەماشاکردنیان وەکو ئینسان، بەستراوەتەوە بە یەک ڕیزی و یەکگرتویی ژنانی ناڕازی لە بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازی و ڕەچەشکین، جەنگ بەرامبەر بە شەرعیەتدان بە پلەدوویی ژنان هەروەها بە هێنانی ڕیزی پیاوانی ئازادیخواز بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەرمایەو هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو یاسایانەی بە دژی ژنانن، بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی ئارام و ئاسودە دور لەهەر بێمافی و سوکایەتیەک .

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان

٢٠٢٦.٣.٤

کۆمێنتێک بنوسە