بە کاری پێکەوەیی ڕووبەڕوی توندوتیژی دژی ژنان دەبینەوە

وەستانەوە و ڕووبەڕوبونەوەی توندوتیژی خەباتی نەبڕاوەی بزوتنەوەی ژنانە لەسەرتاسەری جیهان، هەوڵی بەردەوامیەتی بۆ بونیادنانی کۆمەڵگاییەکی خاڵی لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان …

لە هەرێمی کوردستان کێشەی گەورە بەرۆکی ژنانی گرتوە بەکەم دانان و پلە دوویی سەرەکی ترینیانە، کوشتن، هەراسانکردن، خۆسوتاندن، فرەژنی، بێ مافی لەدادگاکان، توندوتیژی ئەلەکترۆنی، گرنگینەدان بە پرسەکانی ژنان لە لایەن دەسەڵاتەکانەوە، بێکاری، بێمووچەیی، نەبوونی پاڵپشتی  دایکایەتی، نەبوونی دەستبەری کۆمەڵایەتی.

لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا و لە ژێر دەسەڵاتی خۆماڵی! ژنان ستەمیان لێدەکرێت،  هاوشان لەگەڵ دەسەڵات، بازرگان و سەرمایەداران  ژنان دەچەوسێننەوە، بڕە پارەییەکی کەم لە بەرامبەر کاری سەخت و ماوەی کارکردنی زۆر، ئەمە جگە لە هەراسانکردن!

لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بزوتنەوەی ژنانی ئازادیخواز کارکردنی بەردەوامی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکانەو هەوڵەکانی لەم پێناوەدایە. لەگەڵ ئەم خەباتەدا و لەبەرامبەردا هەوڵ و ئاڕاستەی پێچەوانە هەیە، بومانەوەی ژنان لە پلە دوویی و ستەم، کوشتن، خۆسوتاندن، بەشودانی کچانی منداڵ، پاشەکشێی بەردەوام لە مافەکانیان، نموونەی بەرجەستەکراو لە نوێترین کاریان دەرچواندنی یاساییەکی ژەنگرتووی کۆنەخوازانەیە، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕی، بەناوی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) بەیاسای ژمارە( ١ )ی ساڵی (٢٠٢٥)، دواتر دەرچواندنی مدەونەی جەعفەری لە ژێر سێبەری ئەم یاسایەدا.

هەرچەندە لە بەرامبەردا دەنگێکی ناڕازی بە هێزو  بڵند  هەبوو، بەڵام بەڕێکەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنەی لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی عێراق تێپەڕێندرا، بەبێ بونی هیچ هەڵوێستێکی نەرێنی لەلایەن کۆی پەرلەمانتارانەوە بە کورد و سونەو شیعەوە

منداڵان و ژنانی عێراقیان سپارد بە یەکێك لە کۆنەخوازترین یاسای تائیفی و مەزهەبی!!

کە ئەویش مدەونەی جەعفەرییە، مەترسییەکی دیکە دەرچواندنی مدەونەی سونەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوی عێراق…

 

ئیمە لە تۆڕی ٨ مارس، کاردەکەین بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەك کە ژنان تێدا پارێزراوبن، خاوەن بڕیار و کەسایەتی خۆیانبن، ژنان بەبێ بوونی هیچ بیانویەکی نەریتی، سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی، یاسایی، پلە دوو نەکرێن.

ئێمەی چالاکوانان و ڕێکخراوە چالاکەکانی ژنان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە حکومەت ساڵانە لە هەموو بۆنەکاندا بەڵێن دەدات کار لەسەر پرسەکانی  ژنان وتوندوتیژی بکات، بەڵام هەمووان  ئەم بەڵێنانە تەنها وەك ئەچێندایەکی نوسراو دەمێننەوە ناخرێنە ناو پلانی کاری جدی و کاری لەسەر ناکرێت بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە ژیانی ژنان  و هێنانەدی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکاندا …

وەک کاری بەردەواممان  دەسەڵات بە ئاگا دەهێنینەوە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەرمان دەکرێت لە هەوڵی ئاڕاستەکراو و کۆنەخوازی کە ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران ڕوبەڕووی دەبنەوە لە ڕێگریکردن لە چالاکی و دانانی چەندین ڕێو شوێنی ناڕەوا و نایاسایی و ئاستەنگ ! ئەمە لە کاتێکدایە مایک ئازادکراوە بۆ هەندێک لە پیاوانی ئاینی، بۆ سوکایەتی کردن بە ژنان و خەڵکی ئازادیخواز و کارە مەدەنیەکان وهێرش کردنە سەر کاری ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران  کە جگە لەپێشێلکاری و توندوتیژی، ڕق و زمانی زبر، بەهێز دەکات   و دژی هەر هەوڵێکی مەدەنیە، بۆ بەرەو پێشچونی کۆمەڵگای کوردستان.

 

تۆڕی ٨ ی مارس لە ٢٥ی ئەم  نۆڤەمبەردا ئەم چەند خاڵە دەخەینە ڕوو:

 

١ _ لە کاتێکدا هەمئاهەنگ و هاوخەباتین لەگەڵ رێکخراو و داکۆکیکارانی عێراق و هاوپەیمانی (١٨٨) بۆ هەڵوەشاندنەوەی مدەونەی جەعفەری جەخت دەکەینەوە لە جێبەجێنەکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٥) یاسای باری کەسێتی ژماە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) لە هەرێمی کوردستان وەڕەتکردنەوەی لە لایەن پەڕلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

٢_  وەک هەمیشە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسی یەکەم دادەنێین  لە پاراستنی ژنان لە کوشتن و سوتاندن و خۆسوتاندن.

٣_  چی تر وەزارەتی ناوخۆ ئامارەکانی توندوتیژی بەشاراوەیی نەهێڵێتەوە و بۆ ڕای گشتی بخاتە ڕوو، کە ئەمە پێشێلکارییەکی دیکەیە بەرامبەر بە تەواوی کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.

٤_ دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرپرسن لە بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ ژنان و نەبونی چاودێری لە سەر کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان  لەبەرامبەر کاری ژنان بە کاتێکی زۆر و بڕە پارەییەکی کەم بە ناوی موچەوە.

٦_ خراپی بارودۆخی ماڵەکانی داڵدەدانی ژنان، و نەبوونی پێگەی بەهێزی  لەناو کۆمەڵگادا وایکردوە ژنان سڵ بکەنەوە لە چونیان بۆ ماڵێكی پارێزراو لە کاتی رووبەڕوبونەوەیان بە توندوتیژی.

٧_ گرنگی نەدان بەپرسی ژن کوشتن لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەربازبوونی تاوانباران و سزانەدانیان هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی ژن کوشتنە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان.

 

تۆڕی ٨ مارس

 

یاداشتی تۆڕی 8 مارس لە چالاکی جەماوەری شاری سلێمانی 4/12/2025 ،ڕیکخراوی سەربەخۆی ژنان یەکێکە لە رێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی 8 مارس،تۆڕی 8 مارس ساڵی 2022 دامەزراوە، پێکهاتووە لە دەیان ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی، داکۆکیکاران، کەسانی ئەکادیمی و میدیاکاران ئەندامن، کاردەکەن بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو ،دەوەستنەوە بەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژیەك لە کۆمەڵگادا…

 

کۆمێنتێک بنوسە